9.2.10

فهرست

مقاله - وتار

  1. سنگسار

داستان

شعر

7.2.10

غه‌ریبه‌


غه‌ریبه‌


دوای چه‌ند کۆڵه‌مست، له‌ قوژبنی دیوه‌که‌یدا خۆی گرمۆڵه‌ کرد و هه‌ڵتروشکا. بێ‏ده‌نگ فرمێسک به‌ چاوه‌کانیا هاته‌ خوار. به‌ چاوێکی پڕ له‌ ترس، له‌ ژێر قۆل و باسکییه‌وه‌ سه‌یری ده‌کرد. نه‌وه‌ک به‏ر‌ شه‌ق و مشتی له‌ ناکاوی باوکی که‌وێت. باوکی ده‌رگای زۆر قایم له‌سه‌ر داخست و به‌ ده‌نگێکی به‌رز نه‌ڕاندی:



- ئیتر حه‌قت نیه‌ بچیت بۆ مه‌دره‌سه‌. حه‌قت نیه‌ له‌م ماڵه‌ بچیته‌ ده‌ر. حه‌قت نیه‌...

خوێن له‌ ده‌ماره‌کانی باوکیا گرژ ده‌گه‌ڕا. سور هه‌ڵگه‌ڕابوو. بن باڵی ئاره‌قی کردبوو. ئۆقره‌ی لێ هه‌ڵگیرابوو. نه‌یده‌توانی دابنیشێت. له‌م دیو بۆ داڵان. له‌وێوه‌ بۆ دیوه‌که‌ی تر ده‌ڕۆیشت. هه‌موو جارێ هه‌یکه‌لی گه‌وره‌ و شانه‌ پانه‌کانی له‌ چوارچێوه‌ی درگاکان ده‌درا. خۆی پێنه‌گیراو گه‌ڕایه‌وه‌ ژووری کچه‌که‌ی. باوه‌شی پێداکرد. ده‌ستی به‌ گریان کرد. تامی ده‌می گۆڕا، تاڵ تاڵ. کچه‌ وه‌ک بووکه‌ شوشه‌یێکی ره‌نگ په‌ڕیو نه‌ده‌بزوا. وه‌ک کۆترێکی تۆقیو و دیل کراو به‌ چاوێکی بزه‌وه‌ سه‌یری باوکی ده‌کرد. له‌ باوکی تێنه‌ده‌گه‌یشت. نه‌یده‌زانی به‌زه‌یی به‌ باوکیا بێت یان له‌ خۆی دووری بخاته‌وه‌. چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌ی نه‌ده‌کرد. هه‌ناسه‌کانی باوکی و ده‌نگه‌ گڕ و شکاوه‌که‌ی له‌بن گوێی ئه‌وه‌نده‌ی تر ترسی رژانده‌ گیانیه‌وه‌.
باوکی به‌ دوو ده‌ستی باوه‌شی گرتبوو. سه‌ری نابوو به‌ سه‌ری کچه‌که‌یدا. وتی:

- ئابڕوم مه‌به‌. شه‌ره‌فم مه‌به‌. هه‌موو شتێکم قه‌بوڵ کردووه‌، بێبه‌ختی، هه‌ژاری، ئاواره‌یی. به‌ڵام توخوا له‌ ناو خه‌ڵکا سه‌رم شۆڕ مه‌که‌. قسه‌ی خه‌ڵکم شوێن مه‌خه‌. با رووم بێت له‌ناو خه‌ڵکا سه‌ر هه‌ڵبڕم...

دوای وتنی هه‌ر رسته‌یه‌ک هه‌ناسه‌ی گریان تێکه‌ڵاوی تاڵیی ده‌م ده‌بوو. پاشان له‌ نێوان کڕکه‌ی دیانی تێپه‌ڕ ده‌ه‌بوو. ماسولکه‌کانی قۆل و ده‌ستی به‌ هێزتر ده‌بوون و کچه‌ی زیاتر ده‌گووشی، وه‌ها که‌ بیه‌وێت خۆشه‌ویستی خۆی به‌ هه‌ڕه‌شه‌وه‌ به‌ کچه‌که‌ی نیشان بدات.
کچه‌ تا ده‌هات زیاتر ده‌تۆقا. جۆری ئه‌و گوشینه‌ له‌ جۆری ئامێزه‌کانی کاتی مناڵی نه‌ده‌چوو. ئه‌و کاتانه‌ی که‌ باوکی ئێواران به‌ پێکه‌نینێکه‌وه‌ بۆی ده‌کردوه‌وه‌ و به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ینوساند. ئه‌م گوشینه‌ زۆرتر له‌ خنکاندن ده‌چوو. گوشین و باوه‌شێک بۆ ئه‌وه‌ی پێی بسه‌لمێنێ که‌ ئاگات له‌ خۆت بێت. ئه‌وه‌ منم که‌ بڕیار ده‌ده‌م، ئه‌وه‌ منم که‌ پێت ده‌ڵێم کێت خۆش بوێت و چۆنت خۆش بوێت و ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌م لاده‌یت، له‌ باوه‌شما ده‌تفلیقێنمه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و باوه‌شه‌ی که‌ ده‌یلاواندی، باوه‌شی حه‌ز و قینه‌.

خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ میرات بێبه‌ش کرابوو. به‌ دڵی باوکی شوی نه‌کردبوو. باوکی وتبوی یان ئه‌و یان من. وتبوی زۆر له‌ خۆت گه‌وره‌تره‌ و نه‌ ماڵی هه‌یه‌ و نه‌ حاڵ. کارێکی وای نیه‌ خۆشبه‌ختت بکات. ژیانتان فه‌قیرانه‌ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر شوی پێبکه‌ی ئیتر سه‌ر به‌ ماڵی مندا نه‌که‌ی... . خوشکه‌که‌ی شوێن کوڕه‌ که‌وتبو. ئاخر کوڕه‌ پێی وتبو خۆشم ئه‌وێی... .

باوکی تا دره‌نگان نه‌ده‌هاته‌وه‌. زۆر جار به‌ حه‌فته‌ نه‌ده‌هاته‌وه‌. سه‌ری قاڵ بوو به‌ هێنان و بردن و فرۆشتنی شت و مه‌ک له‌و دیو سنور بۆ ئه‌م دیو. زۆر جار لێی ده‌گیرا. زۆر جار زه‌ره‌ری ده‌کرد. دوکتور پێی وتبو: ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌م جۆره‌ کاره‌ هه‌ڵنه‌گری لێدانی دڵت له‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ شپرزتر ده‌بێت و شتێکت به‌سه‌ردێت.

له‌ ژنه‌که‌ی زۆر گه‌وره‌تر بوو. خۆشیده‌ویست. به‌ڵام شتێکی وا له‌ نێوانیاندا نه‌بوو که‌ پێکه‌وه‌ کۆیان بکاته‌وه‌. ئه‌م کاری ئه‌کرد ژنه‌یش مناڵه‌کانی بۆ به‌خێو ده‌کرد. ئه‌مه‌ بووبوو به‌ عاده‌ت. نه‌یزانی مناڵه‌کان چۆن گه‌وره‌ بوون. سێ کچی بوو. هه‌ستی ئه‌کرد چکۆله‌که‌یانی زۆر خۆش ده‌وێت. ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوکی هه‌رچی ئه‌وت به‌ گوێی ئه‌کرد. ره‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌که‌ی هێشتا له‌گه‌ڵ پیاوێکی دیکه‌ دابه‌ش نه‌کردبوو. هه‌ستی ده‌کرد کاتێ کچ شوی کرد یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌زلێکردوویی کرد، ئیتر لێی داگیر کراوه‌ و ئیتر چاری نیه‌ جگه‌ له‌ ته‌حه‌مول کردن. ئاه چه‌ن سه‌یره‌! به‌ ناز و خۆشه‌ویستی کچ گه‌وره‌ بکه‏یت‌، که‌چی یه‌کێکیتر بێت و بیبات.
نه‌یده‌زانی بۆچی باوکی وه‌ها توڕه‌ بوو. به‌ بڕوای خۆی کارێکی وه‌های نه‌کردبوو که‌ ئاوا سزا بدرێت. ئێواره‌یێک له‌گه‌ڵ کوڕێک له‌ کۆڵانێکا قسه‌ی کردبوو. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌. نه‌ زیاتر نه‌ که‌متر. مامه‌کانی بۆ باوکیان گێڕابۆوه‌. ئاگاتان له‌ کچه‌که‌تان بێت! بۆتان راگیر ناکرێت بیده‌ن به‌ شوو!

یه‌ک حه‌فته‌ نه‌چوو بۆ مه‌دره‌سه‌. له‌ ژوره‌که‌ی خۆی ده‌هات و ده‌چوو. دایکی ئه‌یوت بۆ دانامرکێی رۆڵه‌. بۆ ئه‌وه‌نده‌ سه‌ره‌ڕۆ و رۆح زلی. ده‌ستی ئه‌کرد به‌ گریان. تێر تێر ده‌گریا. دیار نه‌بوو بۆ‌ حاڵی خۆی ده‌گریا یان بۆ ئابڕوی بنه‌ماڵه‌که‌ی. سه‌ره‌تا که‌ شوی به‌م مێرده‌ کرد هه‌ستی ئه‌کرد خۆشی ده‌وێت. ماڵی باوکی مێرده‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون. ده‌یزانی ئه‌گه‌ر شوی پێبکات له‌م بێ وه‌زعیه‌ی ماڵی باوکی رزگاری ده‌بێت و ده‌چێته‌ بنه‌ماڵه‌یێکه‌وه‌ که‌ هه‌موو شتی بۆ دابین ده‌که‌ن. ماشین و جل و به‌رگی زۆر و سه‌فه‌ر و... . هه‌موو کات له‌ خه‌یاڵی خۆیدا مێرده‌که‌ی خۆی ده‌بینی که‌ سوار ئه‌سپێکی سپی ده‌هات و قۆلی ده‌گرێت و ده‌یبات...
باوکی رۆی بۆ ئه‌ودیوی سنوور و ئه‌میش خانه‌نشین. که‌ ده‌چووه‌ به‌ر ئاوێنه‌ و چاوی به‌ خۆی ده‌که‌وت هه‌ناسیه‌یێکی هه‌ڵده‌کێشا که‌ لاوانی شار نه‌یانده‌توانی به‌ژن و باڵای وه‌ک ئه‌م ببینن، باره‌قه‌ڵای پێبڵێن. چاوه‌کانی گه‌ش گه‌ش بوون. زۆر جار هه‌ستی ده‌کرد حه‌ز له‌ خۆی ده‌کات. حه‌زی ده‌کرد سه‌رنجی لاوان به‌ شوێن خۆیدا رابکێشێت. له‌م کاره‌دا به‌ توانا بوو. ته‌نیا نیگایه‌کی بێ مانا ده‌یتوانی کوڕان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ. که‌ به‌ شه‌قامدا ده‌ڕۆیشت هه‌موو کوڕان و پیاوانی شار شێتی له‌نجه‌ی ئه‌و ده‌بوون. چاوه‌کان برسیتر ده‌بوون. ئه‌م زۆر جوان بوو یان ئه‌وان ده‌ست کورت؟ نه‌یده‌زانی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانی که‌ سه‌رنجی خه‌ڵک زۆر راده‌کێشێ. کوڕان و کچانی شار به‌ چاو یه‌کتریان له‌ ئامێز ده‌گرت هه‌ندێ جار له‌یه‌ک نه‌ده‌بوونه‌وه‌. لاوه‌کان ئێواران ده‌هاتن بۆ شه‌قامی سه‌ره‌کی شار به‌ڵکو له‌وێ چاوێکی عاشق بدۆزنه‌وه‌ شوێنی که‌ون یان شوێنیان که‌وێت. هاوارێک له‌ ده‌روون که‌ دانا‌مرکێ. له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ری شه‌قام ده‌هاتن و ده‌چون و دیسان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و دیسان سه‌یری یه‌کتریان ده‌کرده‌وه‌. سه‌یرکردنی چاو، تام و چێژی خۆی هه‌یه‌. که‌ ده‌ست به‌ هیچ رانه‌گه‌یشت، سه‌یر ده‌که‌یت. ئیتر وێنه‌ ده‌بێته‌ که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کی و وێنا کردن و وه‌کوو خه‌ون و خه‌یاڵ له‌ مێشک دێن و ده‌چن. مێشک وه‌کو شه‌قامی لێدێت. مرۆڤه‌کان و حه‌زه‌کان دێن و ده‌چن. مێشک له‌ خۆت، وێنا له‌ خۆت، خه‌ون و خه‌یاڵ له‌ خۆت، چۆن هاتن و چۆن رۆیشتن، له‌ خۆت. هه‌موو شتێک ده‌توانێ له‌ مێشکدا دروست بکه‌یت سه‌ره‌نجام مێشک خۆی، خۆی داگیر ده‌کات و دڵ ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسی حه‌زه‌وه‌. حه‌زێکی هه‌میشه‌یی که‌ بۆ جووت بوون ده‌گه‌ڕێ. حه‌زێک که‌ نه‌ دایک پڕی ده‌کاته‌وه‌ نه‌ باوک. حه‌زێکی غه‌ریبانه‌ که‌ به‌شوێن غه‌ریبه‌دا ده‌گه‌ڕێ.
فرهاد نعمت‏پور
1387

4.6.08

باڵنده‌کان بۆ کوێ ئه‌فڕن؟



باڵنده‌کان بۆ کوێ ئه‌فڕن؟



پشتی له‌ شه‌قام کردبوو. ماشینه‌کان به‌ هاڕه‌ هاڕ تێئه‌په‌ڕین. چاوی بڕیبوه‌ ده‌رگای زانکۆ. چاوه‌ڕوانی ئه‌کرد. دانشجوه‌کان به‌ په‌له‌ ئه‌چونه‌ ناوو ئه‌هاتنه‌ ده‌ر. نیگابانی ده‌رگا به‌ چاوێکی زیته‌وه‌‌ سه‌یری خوێندکاره‌کانی ئه‌کرد.

- تکایه‌ کارتی دانشجویی!

سه‌یرێکی قه‌دو باڵا ئینجا لێو و قژ و له‌چکه‌که‌ی کرد.
- ناتوانی بچیته‌ ناوه‌وه‌. ئه‌بێ قژت جوان داپۆشی. ره‌نگی لێوت بسڕیه‌وه‌و هه‌روه‌ها مانتۆکه‌شت سپیه‌ و نه‌ختێکیش کورته‌.

- ئێستا ده‌وامم نیه‌ و زوو دێمه‌ ده‌ر. ته‌نیا سه‌ردانی هاورێکه‌م ئه‌که‌م.
ده‌نگه‌ ده‌نگی ماشینه‌کان تا ئه‌هات زیاتر ئه‌بوو و خێرا خێرا تێپه‌ڕ ئه‌بوون. هه‌ستی به‌ بۆنی دووکه‌ڵ ئه‌کرد و چاوه‌کانی ئه‌کزانه‌وه‌.
چاوی له‌ ده‌رگاکه‌ هه‌ڵبڕی و سه‌یرێکی ئاسمانی کرد. ئاسمان شین شین چه‌ند په‌ڵه‌ هه‌وری له‌ باوه‌شدا بوو. دره‌خته‌ به‌رزه‌کان ئارام ئه‌شه‌کانه‌وه‌. چه‌ند په‌له‌وه‌ر به‌ به‌رزاییه‌وه‌ تێپه‌ڕ ئه‌بوون، ئه‌ڕۆیشتن یان ئه‌هاتنه‌وه‌؟
سه‌یری ده‌رگای کرده‌وه‌. کچه‌که‌ نه‌مابوو. رێگایان دابوو یان نا؟ چاودێر هه‌روا له‌ جێی خۆی وه‌ستابوو و سه‌یری ئه‌وانیتری ئه‌کرد. ده‌سگیرانه‌که‌ی له‌ ده‌رگا هاته‌ ده‌ر. سه‌رتاپا ره‌شی پۆشیبوو. خۆشیێک سه‌رتاپێی داگرت. به‌ په‌له‌ له‌ یه‌ک نزیک بوونه‌وه‌. کوڕه‌ ده‌ستی هێنایه‌ پێش ده‌ستی له‌گه‌ڵ باته‌وه‌.

- سڵاو ئازیز!
کچه‌ ده‌ستی نه‌هێنا و پاش سڵاو وتی:

- نه‌وه‌ک که‌سێک بمانبینێت.

- ئه‌مڕۆ میوانی منیت. به‌یه‌که‌وه‌ خواردنێکی خۆش درووست ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر ماندوو نیت با ئێستا بچین که‌مێک پیاسه‌ بکه‌ین. حه‌ز ئه‌که‌یت له‌ پارکێکا دانیشین هه‌تا تۆزی له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگی ماشین رزگارمان ببێت؟

- ئه‌بێ به‌ ماڵه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌چینه‌ ده‌ر. ئه‌گه‌ر خزمه‌کانم بمبینن هه‌زار قسه‌م بۆ درووست ئه‌که‌ن. ده‌ڵێن هێشتا شووی نه‌کردوه‌ له‌ کووچه‌ و کۆڵان خه‌ریکی رابواردنه‌. تاقه‌تم نیه‌ باوکم ئه‌م قسانه‌م بۆ بگێرێته‌وه‌.
کوڕه‌ پێش که‌وت، ده‌سگیرانه‌که‌ی به‌ دوایا. له‌ وێستگه‌ی تاکسی وه‌کوو دوو موسافیر سوار بوون. دوای دانیشتن به‌ ئاسته‌م ده‌ستی یه‌کتریان گووشی.

- تکایه‌ پارکی شار!
پارک له‌ قه‌دپاڵی کێوێک سازدرابوو. خۆیان له‌ نێوان دارو دره‌ختی پارکدا شارده‌وه‌. به‌ بێ‏ده‌نگی له‌ سه‌ر نیمکه‌تێک دانیشتن. کچه‌ سه‌ری خسته‌ سه‌ر شانی کوڕه‌. له‌پڕ دوو پۆلیسی هێمنیی شار له‌ پشته‌وه‌ په‌یا بوون. بێ یه‌ک و دوو پرسیاریان کرد:

- کارتی ناسنامه‌ تکایه‌. چ خزمایه‌تیێکتان هه‌یه‌؟ و بۆ هاتوون بۆ ئێره‌؟

- ئێمه‌ ده‌سگیرانین، یانی له‌ راستیدا ژن و مێردین به‌ڵام هێشتا زه‌ماوه‌ندمان نه‌کردوه‌.
پۆلیس وازی نه‌هێناو وتی:

- له‌م قسانه‌مان زۆر بیستووه‌. ئه‌بێ له‌گه‌ڵمان سوار بن بچین بۆ بنکه‌ی پۆلیس! له‌وێ هه‌موو شتێک روون ئه‌بێته‌وه‌.
تکاو تووڕه‌ بوون ده‌سته‌ویه‌خه‌ بوون. سه‌رئه‌نجام گه‌یشتن به‏و‌ ئاکامه‌ که‌:
- ناتانبه‌ین بۆ بنکه،‌ به‌ڵام ده‌بێ لێره‌ش بڕۆن. ئێره‌ جێی ئه‌م بێ ئه‌خلاقیانه‌ نیه‌.

کچه‌ ڕه‌نگی سپی هه‌ڵگه‌ڕابوو و کوڕه‌ش شه‌رمی له‌ خۆی ئه‌کرد. خۆیان گه‌یانده‌ سه‌ر شه‌قام و به‌ په‌له‌ سوار تاکسیه‌ک بوون.

- تکایه‌ خێرا بڕۆ بۆ ئه‌م ئادره‌سه‌!
بیری کرده‌وه‌... که‌واته‌ بۆیه‌ هه‌موو به‌ په‌له‌ ئه‌ڕۆن. ئه‌ڵێن کاتێک رووداوێك به‌ خێرایی رووبدات، ئیتر به‌ ئاسته‌م ئه‌بیندرێت یاکوو ره‌نگه‌ هه‌ر نه‌‌بیندرێت. خه‌ڵک هه‌وڵ ئه‌ده‌ن خۆیان له‌ یه‌کتر بشارنه‌وه‌. به‌ خێرایی ده‌ڕۆن هه‌تا نه‌بیندرێن. بۆ ئه‌وه‌ی که‌س له‌ کاروباری خه‌ڵک تێنه‌گات و پێیان نه‌زانێت، یان که‌س نه‌یانگرێت، یان نه‌یانبه‌ن بۆ بنکه‌ی پۆلیس، به‌ په‌له کاره‌کانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن به‌و مه‌به‌سته‌ی نه‌بیندرێن. له‌ ده‌رگای زانکۆوه‌ بیگره‌ هه‌تا خێرایی رۆشتنی ماشین و تاکسیه‌کانی شار. ته‌نانه‌ت خێرایی وای لێ‏هاتوه‌ ستایش ئه‌کرێت و ئافه‌رینی بۆ ده‌ڵێن. ئه‌گه‌ر مه‌ودای دوو شار زووتر له‌ کاتی ئاسایی ببڕدرێت پێی ده‌ڵێن: هه‌ی ئافه‌رین به‌خوا باش گه‌یشتویت.
گه‌یشتنه‌وه‌ ماڵ. کچه‌ وتی:

- باشه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵه‌که‌ت من ببینێت چی ئه‌ڵه‌یت؟
- رۆژی ماره‌ییه‌که‌م بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌. ئه‌زانێت که‌ ئێمه‌ به‌ قه‌ولی خۆی ئیتر مه‌حره‌می یه‌کین.
کلیلی خسته‌ قوفڵی درگا. ژنی خاوه‌ن ماڵ چارشێوێکی سپی له‌ سه‌ر و سمتی ئاڵاندبوو و خه‌ریکی شۆردنه‌وه‌ی حه‌وشێ بوو. که‌ چاوی به‌مان که‌وت، چاوێکی لێ بزکردنه‌وه‌ و به‌ نابه‌دڵیه‌وه‌ وڵامی دانه‌وه‌. گورج بیری نیگابانی زانکۆ که‌وته‌وه‌:
- زۆر سوراو سپیاوت کردوه‌. بچۆ بیشۆ ئینجا رێگات ئه‌که‌م. پاژنه‌ی که‌وشه‌کانت به‌رزه‌ بچۆ بیانگۆڕه‌...
چاو له‌ هه‌موو جێگایێک سه‌یرت ئه‌کا. چاو کۆنترۆڵت ئه‌کا. ده‌ورو پشتت، گشتی چاوه‌. لای راست چاوه‌، لای چه‌پ چاوه‌. سه‌ر و خوار هه‌موی چاوه‌. فه‌رمان ئه‌ده‌ن: نه‌ییته‌ ژوور! بڕۆ ده‌ر! پیاسه‌ مه‌که‌! ده‌ست مه‌ده‌نه‌وه‌! ره‌ش له‌به‌رکه!‌... ده‌رگاوانه‌کان، خزمه‌ بێکاره‌کان، پۆلیسه‌کان و خاوه‌ن ماڵه‌کان.

دوای سڵاو به‌ره‌و ژووری کوڕه‌ به‌ پیلکانه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵگه‌ران. کوڕه‌ وتی:
- یه‌که‌م جاره‌ شوێنی ژیانم ئه‌بینی. ها سه‌یر که‌ له‌م په‌نجێره‌وه‌ ئاسمان چه‌ن جوان دیاره‌! ماڵێکی خۆشت بۆ ساز که‌م به‌ به‌رجه‌وه‌ندی هه‌موو ده‌ریاکان، هه‌موو شاخه‌کان، ده‌شته‌ سه‌وز و پڕ گوڵه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌کان. وه‌ره‌ با کتێبخانه‌ چکۆله‌که‌مت نیشان به‌م. له‌ ڤۆڵتر و رۆسۆ چیت خوێندۆته‌وه‌؟

کچه‌ له‌ کیفه‌که‌ی دیاریێک که‌ به‌ رێک‏وپێکی له‌ کاغه‌زێکی ره‌نگین پێچرابۆوه‌ خسته‌ به‌ر ده‌می کوڕه‌و وتی:
- ئه‌م کتێبه‌ پێشکه‌ش به‌ تۆی خۆشه‌ویست.

بودن
گر بدین سان زیست باید پست
من چه‌ بی‏شرمم اگر فانوس عمرم را به‌ رسوایی نیاویزم
بر بلند کاج خشک کوچه‌ بن‏بست
گر بدینسان زیست باید پاک
من چه‌ ناپاکم اگر ننشانم از ایمان خود، چون کوه‌
یادگاری جاودانه‌، برتر از بی بقای خاک
***

هه‌تاو له‌ پشت شاخه‌کان، رۆژ له‌ ژێر چه‌تری شه‌و و ئه‌مان وه‌ک دوو باڵنده‌ی بن گوێسبان، له‌ تاقه‌ دیوه‌که‌یاندا خۆیان حه‌شاردا.

شاردنه‌وه‌: بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێکیتر نه‌یبینێت یان نه‌تبینێت. چونکه‌ ئه‌گه‌ر بتبینن ئابڕووت ئه‌چێت. ده‌رو دراوسێ پێت ئه‌زانن. قسه‌ت بۆ هه‌ڵه‌به‌ستن و... ره‌نگه‌ په‌نجه‌ی ئاماژه‌ت بۆ درێژ بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌ بێ نیگه‌رانی بژیت، ده‌بێ هاوڕه‌نگی جه‌ماعه‌ت بیت. هاوڕه‌نگی یانی خۆشاردنه‌وه‌. هاوڕه‌نگی یان خۆڕێکخستن. بیرۆکه‌یێکی ترسناکه‌. ژیانێکی شاراوه‌. ته‌نانه‌ت بووه‌ته‌ په‌ندی پێشینیان: ‌چویته‌ شاری کوێران ده‌ست به‌ چاوته‌وه‌ بگره‌. ئه‌گه‌ر فێڵ و دزی ئاسایی بێت تۆش ئه‌بێ فێڵ بکه‌یت و بدزی ئه‌گینا ئاماژه‌ت بۆ ئه‌که‌ن. بیری چیرۆکی "مه‌ڕی ره‌ش" ی ایتالۆکالوینۆ که‌وته‌وه‌.

به‌ دیار مۆسیقاوه،‌ نانی شه‌ویان خواردو شانه‌ی قژی یه‌کتریان کرد. ته‌له‌فون زه‌نگی لێدا. خاوه‌ن ماڵه‌که‌ بوو:
- ئێمه‌ رازی نین کچ و کوڕ به‌ ته‌نیا له‌ ماڵێکا بن. ئێمه‌ مناڵی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ و ئه‌وان نازانن چۆن خۆیان خاڵی بکه‌نه‌وه‌. له‌ مه‌دره‌سه‌ ره‌فیقه‌کانی کوره‌که‌م به‌ کوره‌که‌میان وتووه‌ ده‌هه‌زار بێنه‌ قه‌حبه‌ت بۆ ئه‌هێنمه‌وه‌. مناڵه‌کانم ئازه‌بن. بچۆ بۆ هۆتێل. ناپیاو بم ئه‌گه‌ر پاره‌ی هۆتێله‌که‌ت بۆ حیساب نه‌که‌م.

- ئێمه‌ له‌ یه‌کتر ماره‌ کراوین. به‌ قانوون، به‌ شه‌رع مه‌حره‌می یه‌کین.
خاوه‌ن ماڵ زیاتر تووڕه‌ بوو:
- ئه‌گه‌ر خۆت به‌ پیاو ئه‌زانیت، بۆ به‌ باوکی کچه‌که‌ ناڵه‌یت که‌ لێره‌یه‌؟ من له‌م گه‌ڕه‌که‌ ئابڕووم هه‌یه‌.
- تۆ خراپ بۆ شته‌کان ئه‌روانیت. تۆ خوێنه‌واریت، ته‌نانه‌ت دوکتۆریت و نابێت ئاوا بۆ مه‌سه‌له‌که‌ بچیت. بارهێنانی مناڵ ئاوا نابێت. نابێت شته‌کانی لێ بشاریته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وات کرد ئیتر ئه‌وان رێگایتر بۆ خۆیان ئه‌دۆزنه‌وه‌، تۆ ناتوانیت وێناکردن له‌وان بستێنیت...
خاوه‌ن ماڵ وتی:

- ژنه‌که‌ت بگوێزه‌وه‌، ئه‌وجار چی ئه‌که‌ی بیکه‌. ئه‌مه‌ ره‌سمه‌ له‌م شاره‌یا و منیش حه‌ز ناکه‌م بۆ کوڕه‌که‌م ببێت به‌ پرسیار. من خاوه‌ن ماڵ و منداڵی خۆمم. ئه‌م بێ شه‌ره‌فیه‌م پێ قه‌بوڵ ناکرێت و ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆیت ته‌له‌فون بۆ باوکی کچه‌ ئه‌که‌م و ... ته‌له‌فونه‌که‌ی دانا.
ته‌له‌فونه‌که‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ شه‌تڵ بوو. چاوه‌کان هه‌ر دێن و زیاد ئه‌که‌ن. سه‌یری ده‌سگیرانه‌که‌ی کرد، کزۆڵه‌ی کردبوو.
ئه‌مجار زانی باڵنده‌کان بۆ کوێ ده‌چن. بۆ کوێ؟ گرینگ نیه‌، ته‌نیا بڕۆ. ئه‌گه‌ر کۆڵ نه‌ده‌یت ... ئه‌گه‌ر ئۆقره‌ نه‌ما... .

فرهاد نعمت‏پور
به‌فرانباری 1388
دانشجو: قوتابی زانکۆ
مانتۆ: جۆرێ له‌ جل و به‌رگی ژنانه‌